هەواڵ
هاوردەكردنی تەماتە قەدەغە كرا.. هۆشداری بە جوتیاران دەدرێت
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە دەردەكات و وەزیری ئەو وەزارەتەش هۆشداری بە جوتیاران دەدات لە قۆستنەوەی ئەو بڕیارە بۆ گرانكردنی نرخی تەماتە، راشیدەگەیەنێت: ناچارمان مەكەن لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بەكاربەران، دەستبەرداری بڕیارەكەمان ببین.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ بڕیارماندا هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە بێت، بڕیارەكە كاری پێدەكرێت تاكو ئەوكاتەی بازاڕی ناوخۆیی هەرێم پێویستی بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە دەبێت و بڕیاری نوێ دەردەچێت بۆ ڕێگەپێدان بە هاوردەكردن".

ڕاشیگەیاند، " بڕیارەكەمان لەپێناو پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ناوخۆیی دەركردووە، بە هیواین ئەم بڕیارە هەمووان سوودمەند بكات، چونكە خوازیارین جووتیاران هان بدەین و قازانج بكەن، هیواخوازین جووتیارانیش تائاستی پێویست سوود لە بڕیارەكەمان وەربگرن و زیادەڕۆیی نەكەن لەبەرزكردنەوەی نرخی بەرووبوومەكان و ناچارمان نەكەن لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بەكاربەران، دەستبەرداری بڕیارەكەمان ببین".

بێگەرد تاڵەبانی پلانی وەزارەتەكەشی ئاشكراكردووەو نوسیویەتی: " بە هەموو تواناوە لەهەوڵداین بۆ بەهاناوەچوونی جووتیاران، لەلایەك سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەگەڕخستنەوەی دوو كارگەی دۆشاوی تەماتەین لە هەڵەبجە و هەریر، لەلەیەكی دیكەشەوە لەگەڵ چەند لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك كارگەی لەقتونانی سەوزە و میوە و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراكی".


SNN:

بەشی هەواڵ

 مانگ پێشتر - Aug 22 2019 7:52PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.