هەواڵ
خشته‌ی موچه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.. "23ی مانگ كۆتایی دێت"
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێم چاوه‌ڕێ ده‌كات له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو 453 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدای پێبگات بۆ ئه‌وه‌ی خشته‌ی موچه‌ی مانگی (2)ی ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كان بڵاوبكاته‌وه‌، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی داراییش رایده‌گه‌یه‌نێت، "22 بۆ 23ی هه‌موو مانگێك كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌هێنرێت".

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ SNN دراون، وه‌زاره‌تی دارایی چاوه‌ڕێ ده‌كات له‌ سه‌ره‌تا یان ناوه‌ڕستی هه‌فته‌ی داهاتوو، 453 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدای پێبگات، بۆ ئه‌وه‌ی خشته‌ی ته‌واوی ئه‌و وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و سه‌رۆكایه‌تیانه‌ بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌ تائێستا موچه‌ی مانگی (2)ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌.

هه‌ر له‌زانیارییه‌كاندا هاتووه‌، 378 ملیار دیناره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ مانگانه‌ ده‌یداته‌ وه‌زاره‌تی دارایی، ته‌نها به‌شی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌و په‌روه‌رده‌و دارایی و ته‌ندروستی ده‌كات، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش 12ی 5ی 2019، موچه‌ی ته‌ندروستی دابه‌شده‌كرێت.

لای خۆیه‌وه‌، هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌SNNی راگه‌یاند، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێم رۆژی (5)ی هه‌موو مانگێك ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كات و به‌داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، موچه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێك دابه‌شده‌كات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتییه‌، ره‌تیكرده‌وه‌ موچه‌ی هیچ وه‌زاره‌تێك دوابكه‌وێت و وتی: "گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ رۆژانی (22 بۆ 23)ی هه‌موو مانگێك، وه‌زاره‌تی دارایی كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌هێنێت و موچه‌ی هیچ وه‌زاره‌تێك دواناكه‌وێت، پاره‌كه‌ی به‌غداش له‌كاتی خۆیدا ره‌وانه‌ ده‌كرێت".


SNN:

ئه‌ركان جه‌بار

  4 مانگ پێشتر - May 9 2019 8:19PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.