كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ خۆی‌ یه‌كلاكرده‌وه‌و بڕیاریدا
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ 18ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دوا بڕیاری‌ خۆی‌ ڕاگه‌یاندو وته‌بێژی‌ ئه‌و حزبه‌ش ته‌ئكید له‌به‌شداریی فراكسیۆنه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌، پارتیش داوای‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ په‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ ده‌دات.

ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆبونه‌وه‌و له‌دوای‌ كۆتایهاتنی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ش، وته‌بێژی‌ هه‌ردوو حزبه‌كه‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یان ئاشكراكرد.

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی ڕایگه‌یاند، "په‌یوه‌ندی ئێمه‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ورازو نشێوی به‌خۆوه‌ بینیبێت، هه‌وڵمانداوه‌ باشبێت و له‌مه‌ودواش هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ین په‌یوه‌ندیه‌كانمان جیابكه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزب و حكومه‌ت و په‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ئاشكرایكرد، "به‌رده‌وام له‌گفتوگۆداین بۆئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی بكه‌وین و نوسینه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیشمان له‌قۆناغی كۆتاییدایه‌، وه‌ك چۆن له‌ڕابردوودا ڕێكه‌وتنی ستراتیژیمان هه‌بوه‌، له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش لێكتێگه‌یشتنی زۆر نزیكمان هه‌یه‌".

ڕه‌تیشیكرده‌وه‌، كێشه‌ له‌به‌رده‌م كۆبونه‌وه‌ی 18ی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مان دروستبوبێت، وتی:"هه‌مولایه‌نه‌كان كۆكین له‌سه‌رئه‌وه‌ی له‌18ی مانگ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتیش به‌شدار ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداری لایه‌نه‌كان له‌حكومه‌ت، وته‌بێژه‌كه‌ی پارتی وتی:"ناكرێت و قبوڵكراونییه‌ له‌هیچ وڵاتێك ئۆپۆزسیۆن بێت و له‌ناو حكومه‌تیش بێت، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به‌حكومه‌ت نه‌بێت ده‌بێت نه‌مێنێت له‌حكومه‌ت".

مه‌حمود محه‌مه‌د له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیشه‌وه‌ وتی:"كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌نها بریتی نییه‌ له‌لیستی برایه‌تی، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان، وه‌ك ده‌ستپێكی كاره‌كه‌ پێمانباشه‌ له‌هه‌ولێربێت و دواتر خۆیان بڕیاربده‌ن له‌شوێنی دیكه‌ كۆببنه‌وه‌".

لای خۆیشیه‌وه‌ ڕێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕایگه‌یاند، "لای ئێمه‌و پارتیش نیه‌تێك هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی سیاسیمان ببه‌ینه‌ قۆناغێكی باشتر، په‌یوه‌ندیه‌ حكومییه‌كان و په‌رله‌مانیش جیاده‌كرێنه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندی حزبی".

ئاشكرایكرد، "له‌كۆبونه‌وه‌ی 18ی مانگی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌شدارده‌بین، به‌ڵام خۆمان گفتوگۆ ده‌كه‌ین و هه‌ڵوێستمان به‌گوێره‌ی‌ ده‌رهاویشته‌كان ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌شێوازی به‌شداری لایه‌نه‌كانیش له‌حكومه‌ت، ڕێبوار حه‌مه‌د وتی:"به‌شی ئه‌و لێكترازانه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌نێوان هێزه‌كان هه‌بوو، ئه‌و كارنامه‌یه‌ی له‌سه‌ری ڕێكه‌وتبون نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی پێكهێنه‌ری بنه‌ڕه‌تی حكومه‌تن، ده‌بێت به‌رنامه‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت، به‌وه‌ش قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون و به‌شداری لایه‌نه‌كان ده‌چێته‌سه‌ر سكه‌ی خۆی".

له‌لێدوانێكیشدا بۆ SNN عوسمان كانی كورده‌یی په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ بڕیارمانداوه‌ به‌شداریی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ 18ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بكه‌ین".

وتیشی‌:"ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارێك هۆكارێكی‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ جیایه‌ نه‌توانێت به‌شداری‌ بكات، به‌ڵام  به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ بڕیاری‌ به‌شداریمانداوه‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌شداری‌ دانیشتنه‌كه‌ ده‌كه‌ین".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 3 ڕۆژ پێشتر - Feb 12 2019 2:17PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.