ئه‌وكه‌سه‌ی‌ ته‌قه‌ی‌ له‌پزیشكه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ كرد ده‌ستگیركرا
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ورده‌كاریی ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌وكه‌سه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ ته‌قه‌ی‌ له‌پزیشكه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ كرد، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وكه‌سه‌ هه‌ر خۆی‌ بوه‌و به‌ده‌مانچه‌ ئه‌و تاوانه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ 72 كاتژمێر توانیمان ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ ده‌ستگیربكه‌ین".

له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیس و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ته‌ندروستی‌ و سه‌رۆكی‌ لقی‌ سلێمانی‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكان ئاماده‌یبون، ورده‌كاریی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ ئاشكراكرا.
له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌ په‌یامنێری‌ SNN ئاماده‌یبوو، عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، "دوای‌ ڕوداوه‌كه‌ ئێمه‌ به‌چه‌ندین شێوه‌ی‌ جیاجیا ئیشمان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ كردوه‌".
وتیشی‌:"دوای‌ ئاگاداركردنه‌وه‌مان، ده‌ستمان كرد به‌لێكۆڵینه‌وه‌و چه‌ند ئه‌فسه‌رێكمان ڕاسپارد بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ گومانمان لێبوو، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ توانیمان كاتژمێر 12 له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ تاوانباره‌كه‌ ده‌ستی‌ بكه‌ین".
ئاشكراشیكرد، ئه‌نجامده‌ری‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌دایكبوی‌ ساڵی‌ 1982وه‌و پیشه‌ی‌ كاسبه‌، به‌پاره‌ی‌ خۆی‌ ده‌مانچه‌یه‌كی‌ له‌جۆری‌ میكاریۆف كڕیوه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كه‌ی‌ پێ‌ ئه‌نجامداوه‌ دوێنێ‌ ده‌مانچه‌كه‌ی‌ فرۆشتۆته‌وه‌، "واته‌ ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ كاتم نه‌بوه‌ بۆ زانیاریتان".
سه‌باره‌ت به‌هۆكاری‌ ئه‌و ڕوداوه‌ش، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "هۆكاره‌كه‌ی‌ لێ ده‌گه‌ڕێین بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و دادگا، ئێمه‌ پێشناكه‌وین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕێڕه‌وی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان نه‌گۆڕێت".
په‌یامێكیشی‌ ئاراسته‌ی‌ هاوڵاتیان كردو داوایكرد، هه‌ركه‌س كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پزیشك هه‌یه‌، دادگا هه‌یه‌و بابچن سكاڵا تۆماربكه‌ن، "هه‌ركه‌سیش ده‌ڵێت سلێمانی‌ ئارام نییه‌، دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌وكه‌سه‌ له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ 72 سه‌عات، وه‌ڵامده‌ری‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌یه‌".
ئه‌وه‌شی‌ وت:"چاودێری‌ هێزه‌كانمان چڕوپڕه‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تباره‌كانیش وه‌ڵامده‌ری‌ ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ سلێمانی‌ چاوكراوه‌ن و سلێمانی خاوه‌نی‌ هێزی ئه‌منیی تۆكمه‌یه‌، ئه‌منیه‌تی‌ سلێمانی‌ هیچ مه‌ترسیه‌كی‌ له‌سه‌رنییه‌و زۆر زۆر ئارامه‌".



SNN:

سۆران سه‌عید

 هەفتە پێشتر - Dec 5 2018 1:23PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.