هاوسه‌ری پزیشكه‌ی‌ سلێمانی ده‌نگۆیه‌ك ڕه‌تده‌كاته‌وه‌
هاوسه‌ری‌ ئه‌و پزیشكه‌ی‌ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌سلێمانی‌ ته‌قه‌ی‌ لێكرا ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕای‌ گشتیی بڵاوده‌كاته‌وه‌و داواكاریه‌كی‌ به‌په‌له‌ش ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كات، ده‌شڵێت:"متمانه‌مان به‌ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆمان هه‌یه‌و دڵنیاین ئه‌نجامده‌رانی‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌"، هاوكات ده‌نگۆیه‌كیش ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.

 
ئێواره‌ی ڕۆژی‌ دوشه‌ممه‌ 3ی 12ی 2018 له‌ڕێگه‌ی چه‌كدارێكه‌وه‌ له‌نۆرینگه‌ی تایبه‌تی خۆی، ته‌قه‌ له‌(د.كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید) پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ریی و مامۆستای زانكۆی سلێمانی كراو به‌سه‌ختی برینداركراو ته‌ندروستی‌ سلێمانیش ئاشكرایده‌كات، توانراوه‌ ژیانی‌ له‌مردن ڕزگاربكرێت.
كاتژمێر 11:30 خولی‌ پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ 5ی‌ 12ی‌ 2018 دكتۆره‌ هاژه‌ عه‌بدوڵڵا هاوسه‌ری پزیشكه‌كه‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ سازكردو زانیاری‌ زیاترو ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیشی‌ وه‌كو بنه‌ماڵه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌.
 
"پێش لێكۆڵینه‌وه‌ ناكه‌وین"
له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌ په‌یامنێری‌ SNN ئاماده‌یبوو، دكتۆره‌ هاژه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، "لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌رده‌وامه‌و ئێمه‌ش وه‌كو خانه‌واده‌و كه‌سوكاری‌ د.ئه‌حمه‌د پێش لێكۆڵینه‌وه‌كان ناكه‌وین و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌نجام ده‌كه‌ین".
 
"په‌یوه‌ندیی نییه‌ به‌ڕوداوه‌كه‌ی‌ چه‌ند ساڵ پێش ئێستاوه‌"
چه‌ند ساڵێك به‌رله‌ئێستا دزی‌ له‌و پزیشكه‌ كراوه‌ كه‌ دوو ڕۆژ پێش ئێستا ته‌قه‌ی‌ لێكراو به‌سه‌ختی‌ برینداركرا، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ دكتۆره‌ هاژه‌ ڕه‌تیكرده‌وه‌ ئه‌و ڕوداوی‌ ته‌قه‌كردنه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌و كێشه‌یه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ئێستا ڕویداو دزی‌ له‌دكتۆر كه‌مال كرا.
 
دوو نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆ كراوه‌
سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی‌ ته‌ندروستی‌ د.كه‌مال، هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ئاشكرایكرد، "له‌ئێستادا ته‌ندروستی‌ جێگیره‌و تائێستاش دوو نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆ كراوه‌".
پێشتریش د.سه‌باح هه‌ورامی‌ ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ سلێمانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆكراوه‌و توانراوه‌ به‌هه‌وڵی‌ پزیشكان ژیانی‌ له‌مردن ڕزگار بكرێت.
 
"متمانه‌مان به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ ئه‌مشاره‌ هه‌یه‌"
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ ڕۆژنامه‌واناندا سه‌باره‌ت به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ سلێمانی‌، د.هاژه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "بڕوای‌ ته‌واومان به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ سلێمانی‌ توانایان به‌رزه‌و ده‌شتوانن ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و تاوانه‌ بدۆزنه‌وه‌، بۆیه‌ متمانه‌مان به‌هێزه‌كانی‌ ئه‌مشاره‌ هه‌یه‌و ده‌شی‌ دۆزنه‌وه‌".
 
په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كات
د.هاژه‌ په‌یامێكیش ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كات و به‌پێویستی‌ ده‌زانێت، هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ پزیشك ده‌كه‌ن، له‌كاتی‌ ناونوسیندا پێناسیان پێبێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كه‌یان بزانرێت.
وه‌كو ئه‌و وتی‌:"ئه‌وكه‌سه‌ی‌ ته‌قه‌ی‌ له‌د.كه‌مال كردوه‌، هیچ ناوێكی‌ نییه‌و ناویشی‌ نه‌نوسیوه‌، بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانیش دروستكردبێت".
 
"به‌هۆی‌ میدیاوه‌ پزیشك و سیاسیه‌كان له‌سوچێكدان"
هاوسه‌ری‌ ئه‌و پزیشكه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ میدیاكان و ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندن ده‌كات و داواده‌كات، "ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ پیرۆزه‌ی‌ له‌نێوان نه‌خۆش و پزیشكدا هه‌یه‌ تكایه‌ تێكی‌ مه‌ده‌ن، پێویسته‌ ڕاگه‌یاندن چیتر نه‌بێته‌ هۆكار بۆ تێكدانی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌، چونكه‌ له‌هه‌ر هه‌واڵێكی‌ تێكدانیدا كاره‌سات و ڕوداوی‌ وه‌كو ئه‌مه‌ی‌ ئێستای‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌".
وتیشی‌:"وه‌كو چۆن سیاسیه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌ جیاكراونه‌ته‌وه‌و له‌سوچێكدان، ئێستا به‌هۆی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌میدیاكانه‌وه‌ پزیشكانیش خراونه‌ته‌ سوچێكه‌وه‌، به‌ڵام نابێت پزیشكان تێكه‌ڵی‌ ئه‌و پرسه‌ بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمانوایه‌ پزیشكیش مرۆڤه‌و به‌شێكیان باش و به‌شێكیشیان خراپن".
 
د.كه‌مال نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات
هاوسه‌ری‌ د.كه‌مال ڕه‌تیكرده‌وه‌ هیچ هه‌وڵێك بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر، "نه‌خێر د.كه‌مال نابه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌كوردستان چاره‌سه‌رده‌كرێت چونكه‌ كوردستان ئاستی‌ پزیشكی‌ زۆر به‌رزه‌و ئه‌وه‌شی‌ لێره‌ بۆی‌ كراوه‌، له‌هیچ كوێ‌ ناتوانرێت بكرێت".
 
هیچ ده‌رمانێك نییه‌ خه‌ڵك توشی‌ شه‌له‌ل بكات
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ SNN دا سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیه‌ی‌ گوایه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رمانێكی‌ هه‌ڵه‌ به‌نه‌خۆشێك دراوه‌و نه‌خۆشه‌كه‌ش توشی‌ شه‌له‌ل بوه‌ بۆیه‌ ئه‌و ڕوداوه‌ ڕویداوه‌، د.هاژه‌ ڕه‌تیكرده‌وه‌و وتی‌:"ئه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ نییه‌و هیچ ده‌رمانێكیش نییه‌ له‌دونیادا كه‌ هۆكاربێت بۆ توشبونی‌ كه‌سێك به‌شه‌له‌ل".


SNN:

سۆران سه‌عید

 هەفتە پێشتر - Dec 5 2018 11:27AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.