حكومه‌ت په‌یامێكی به‌په‌له‌ی هه‌بووه‌ .. دانیشتن له‌سه‌ر بودجه‌ دواخرا
گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بودجه‌ی 2019ی عیراق له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كێشه‌ی تێكه‌وت و ده‌نگدان له‌سه‌ری بۆ دانیشتنه‌كانی داهاتوو دواخرا، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێگری له‌ده‌نگدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌ بۆ حكومه‌ت كرد، چونكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ په‌یامێكی به‌په‌له‌ی ئاڕاسته‌ كرا.

مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ SNNی راگه‌یاند: له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆ 6ی 11ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ی 2019ی عیراق دواخرا بۆ دانیشتنه‌كانی داهاتوو.

وتیشی: "سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌گه‌ره‌ی خسته‌ به‌رده‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌ بۆ حكومه‌ت، سه‌ره‌تا خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی زۆری په‌رله‌مانتاره‌كان بڕیاریاندا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام محه‌مه‌د حه‌لبوسی فێلێكی كردو وتی گه‌ڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێناوه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاند: سه‌ره‌تا هه‌موومان پێمانوابوو كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ بودجه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ناو دانیشتنه‌كه‌دا فه‌رمانێكی بۆ هات كه‌ نازانین ئه‌و فه‌رمانه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌، بۆیه‌ دانیشتنه‌كه‌ ئاڵۆزی تێكه‌وت و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ نه‌كرا.

ئاشكراشیكرد، له‌لایه‌ن نوێنه‌ری حكومه‌تیشه‌وه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، نوسراوێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كراوه‌و تێیدا تكا كراوه‌ كه‌ بودجه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و هه‌وڵبدرێت تێپه‌ڕێنرێت.



SNN:

شاهۆ خواره‌حم

 2 هەفتە پێشتر - Nov 6 2018 4:15PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.