SNN ورده‌كاریی ژماره‌و شێوازی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رماڵه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌
لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ده‌رماڵه‌و میكانیزمی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی بۆ موچه‌خۆران ده‌دات، ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "59 جۆر ده‌رماڵه‌ بۆ موچه‌خۆران خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كردوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕێكده‌خرێنه‌وه‌".

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لێدوانێكدا به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و موچه‌یه‌ی‌ به‌ر له‌سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت دراوه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران، نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ موچه‌كه‌ ده‌رماڵه‌ بوه‌و ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌".

وتیشی‌:"به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان كراوه‌ چاكسازیی له‌موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م خانه‌نشینان و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشدا ده‌كرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕونیشیكرده‌وه‌، له‌هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی‌ 59 ده‌رماڵه‌ی‌ جیاواز به‌موچه‌خۆران دراوه‌ به‌موچه‌خۆرانی‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازیشه‌وه‌، "بۆیه‌ به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت، ده‌بێت به‌شێكی ده‌رماڵه‌كان ڕێكخبرێنه‌وه‌و نابێت به‌مشێوه‌ی‌ ئێستا بمێننه‌وه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌شی‌ وت:"هه‌ركات پڕۆژه‌كه‌ بگاته‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌ده‌كرێت و خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ ده‌كرێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆران بڕیاری پێویستی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌درێت".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ چاكسازیی له‌موچه‌دا ئاماده‌یكردبوو، له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا بۆ موچه‌ی‌ خانه‌نشینان بوه‌، به‌ڵام دواتر ده‌رماڵه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیشی تێدا جێگه‌ كراوه‌ته‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دڵنیایی به‌موچه‌خۆرانیشدا كه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌جۆرێك ئاماده‌ده‌كه‌ن، "ئه‌گه‌ر پێشتر فه‌رمانبه‌رێك بێبه‌شكرابێت له‌ده‌رماڵه‌یه‌ك بۆ له‌مه‌ودوا بۆی خه‌رجبكرێت، جگه‌له‌وه‌ش چه‌ند ده‌رماڵه‌یه‌ك هه‌یه‌ دراوه‌ته‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران پێویستده‌كات ڕێكبخرێته‌وه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێستا پێویسته‌ ئه‌و ده‌رماڵانه‌ سه‌رله‌نوێ ڕێكبخرێنه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆراندا بێت".


SNN:

بەشی ھەواڵ

  4 مانگ پێشتر - Jan 12 2018 8:51AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
هیچ بابەتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.