هەواڵ
پلەی گەرما لەڕەمەزاندا بۆ ٥٠ پلە بەرزدەبێتەوە؟..ڕونکردنەوە دەدرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێم لەبارەی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ٥٠ پلەی سەدی لەمانگی ڕەمەزان ڕونکردنەوە دەدات، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێمیش زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ئاژانسەکانی تایبەت بەپێشبینی کەشوھەوا بڵاویانکردۆتەوە، لەمانگی ڕەمەزاندا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوەو نزیکدەبێتەوە لە ٥٠ پلەی سەدی.

لەوبارەیەوە فازڵ ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێم بەSNNی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی ئێستا لەبەردەستدان، لەڕوی زانستیەوە ئەوە ڕوننەبۆتەوە پلەکانی گەرما لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز بۆ ٥٠ پلە بەرزبێتەوە".

وتیشی:"بەھۆی ئەوەی ئەو مانگە دەکەوێتە وەرزی ھاوینەوەو لەکۆتایی مانگی ئایاردایە، گومان لەوەدانییە کە پلەکانی گەرما بەرەو بەرزبونەوە دەچن".

سەبارەت بەوەش ئاخۆ تاچەند ڕاستە پلەی گەرما نزیکدەبێتەوە لە٥٠ پلەی سەدی لەمانگی ڕەمەزاندا، فازڵ ئیبراھیم ڕەتیکردەوە ئەو زانیاریانە ڕاستبن، ئەو وتی:"ئێستا زوە پێشبینی ئەوە بکرێت کە پلەکانی گەرما بۆ چەند پلە بەرزدەبنەوە".

ئەوەشی وت:" ئەو لێکۆڵینەوەو پێشبینیانەی ئەنجامدراون دەریانخستوە بارانبارین لەکۆتایی مانگی ئایار کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، بەڵام پێشبینی ناکرێت بۆ ٥٠ پلەی سەدی بێت،  ئەو پلە بەرزەی گەرما وەک ساڵی ڕابردو چاوەڕواندەکرێت لەمانگەکانی تەمموزو ئاب تۆماربکرێن".


SNN:

شادان حەسەن

  2 مانگ پێشتر - Apr 20 2017 11:45AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.