راز عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەڕایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە SNNی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، رۆژی دووی نیسان دابەشکردنی ھاوکاری رێَکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار دەستپێدەکات و پرۆسەکەش تاوەکو (٨)ی نیسان بەردەوام دەبێت.
وتیشی: "بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، ملیۆنێک و ٤١١ ھەزارو ٨٧٥ دۆلارە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ھاوکارییەکە لەسەر بنەمای دووری ناوچەکان دابەشکراوە، لە (٣٠ بۆ ٧٠) کیلۆمەتر بڕی (٧٥) دۆلار وەردەگرن، لە (٧١) کیلۆمەتر بەرەو سەرەوەش بڕی (١٠٠) دۆلار وەردەگرن.
راز عەبدولکەریم وتی: "پێنج ھەزارو ٨٥٥ مامۆستا سودمەندبوون لەو ھاوکارییە، کۆی پارەکەش بەسەر ژمارەی مامۆستایاندا دابەشکراوە، کە بەشی سێ مانگی کردووە".
راشیگەیاند: "پارەکە بە یەکجار دابەشدەکرێت، ئەو مامۆستایانەی کە ٧٥ دۆلاریان بۆ دیاریکراوە، بڕی (٢٢٥) دۆلار بەسەریەکەوە وەردەگرن و ئەوانەشی بەھۆی دووریی شوێنی دەوامکرنیان (١٠٠) دۆلاری مانگانەیان بۆ دیاریکراوە، بڕی (٣٠٠) دۆلار وەردەگرن".
کاتی دابەشکردنی ھاوکارییەکە لەسەعات (٩)ی بەیانیەوە بۆ (٥)ی ئێوارە دەبێت و بەرنامەکەش بەمشێوەیە دەبێت:
- رۆژی یەکشەممە ٢ی نیسان، لەپەروەردەی شاباژێر دابەشدەکرێت و پەروەردەی دوکانیش ھەمان رۆژ لەپەروەردەی شارباژێر وەریدەگرێت.
- رۆژی دووشەممە ٣ی نیسان، لەپەروەردەی چەمچەماڵ دابەشدەکرێت.
- رۆژی سێشممە ٤ی نیسان، لەپەروەردەی دەربەندیخان دابەشدەکرێت و مامۆستایانی پەروەردەی شارەزوورو قەرەداغ و گەرمیانیش ھەمان رۆژ لەپەروەردەی دەربەندیخان وەریدەگرن.
- رۆژی چوارشەممە ٥ی نیسان، لەپەروەردەی سەیدسادق دابەشدەکرێت و پەروەردەی ھەڵەبجەو پێنجوێنیش ھەمان رۆژ لەپەروەردەی سەیدسادق وەریدەگرن.
- رۆژی پێنجشەممە ٦ی نیسان، لەپەروەردەی رانیە دابەشدەکرێت و پەروەردەی پشدەریش ھەمان رۆژ لەپەروەردەی رانیە وەریدەگرێت.
- رۆژی شەممە ٨ی نیسان، ئەوانەی نەیانتوانیوە لەشوێنەکانی خۆیان وەریبگرن، دەتوانن لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرورەدەی سلێمانی بڕی ھاوکارییەکە وەربگرن.