هەواڵ
وته‌بێژی حكومه‌تى هه‌رێم واده‌ی‌ پێدانی‌ سێ‌ موچه‌كه‌ ئاشكراده‌كات
وته‌بێژی ره‌سمی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زانیاری‌ نوێ‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا و پرسی‌ ناردنی‌ موچه‌ ئاشكراده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عیراق سێ موچه‌ی ناردووه‌ نه‌ك چوار و ده‌شڵێت"ئه‌گه‌ر گه‌یشتینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وكات موچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ش ده‌درێته‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران"و هه‌ڵوێستی‌ هه‌رێمیش بۆ راده‌ستكردنی‌ نه‌وت به‌ به‌غدا رونده‌كاته‌وه‌.


موچه‌كه‌ی‌ به‌غدا چوار نییه‌، سێیه‌

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی ره‌سمی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ له‌ده‌نگی ئه‌مریكا، ده‌ڵێت"حكومه‌تی عیراق له‌ ساڵی 2019 سێ موچه‌ی ناردووه‌ كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك موچه‌یان بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌".

موچه‌ی‌ سێ‌ مانگه‌كه‌ چۆن ده‌درێت؟

راشیده‌گه‌یه‌نێت: بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه‌ ئێستا موچه‌ دواكه‌وتووه‌، واته‌ پێدانی موچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ پێویستی به‌ دوو ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دیناره‌ كه‌ موچه‌ی سێ مانگه‌كه‌ی پێ بدرێت و موچه‌ ڕێك بێته‌وه‌ بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر"سكه‌"، ئێستا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌به‌رده‌ست حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌، هیوادارین له‌گه‌ڵ به‌غداد بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن كه‌ حكومه‌تی عیراق به‌پێی یاسا ده‌بێت بودجه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌هه‌رێمی بڕی له‌ 2014 بداته‌وه‌ هه‌رێم، ئه‌گه‌ر گه‌یشتینه‌ ڕێككه‌وتن ئه‌وكات موچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ش ده‌درێته‌وه‌ فه‌رمانبه‌ران.

هه‌رێم نه‌وت راده‌ست ده‌كات، به‌ڵام..

له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌سه‌ر بابه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندوه‌"حكومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ به‌نوسراو، به‌فه‌رمی، به‌ لێدوان و قسه‌ش ئاماده‌یی خۆی پیشانداوه‌ بۆ گفتوگۆكران و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌وت، به‌ڵام ده‌بێت به‌غداد كاتی كۆبونه‌وه‌كه‌ دیاری بكات، هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی"پرنسیب"ه‌وه‌ هیچ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ ڕاده‌ستی به‌غداد بكات، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تر هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌و پڕۆسه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت، تا بتوانرێت ئه‌و دڵه‌ ڕاوكێیه‌ و ئه‌و گرفته‌ و ئه‌و "مقۆ مقۆیه‌" كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن نانی خۆیانی پێده‌خۆن له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌تایبه‌ت حزبه‌ عیراقیه‌كان نه‌هێڵرێت."

لێكتێگه‌یشتنێكی باش هه‌یه‌

سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی‌ به‌غداو هه‌رێم ده‌ڵێت"لێكتێگه‌یشتنێكی باش له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد هه‌یه‌ پاش ئه‌و گرژییانه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو دروست بوو له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، ئیراده‌یه‌كی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوولادا(هه‌ولێر و به‌غداد) هه‌یه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان."

پاره‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌

ده‌رباره‌ی كێشه‌ی نه‌وت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، دزه‌یی وتویه‌تی‌"سه‌باره‌ت به‌نه‌وت ئه‌وه‌ به‌پێی ده‌ستوری عیراق جیایه‌، له‌هه‌مانكاتدا بڕگه‌یه‌ك له‌یاسای بودجه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ناردنی موچه‌ نه‌ك بودجه‌، به‌ڕاستی ئه‌و (525)ملیار دیناره‌ی له‌به‌غداده‌وه‌ دێت به‌شی موچه‌ی هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكات ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم 350 ملیار دیناری تر بخاته‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ تا بتوانێت موچه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت بدات له‌و 525 ملیاره‌، 68 ملیاری بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان كراوه‌ كه‌ تائێستا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌هاتۆته‌ كوردستان، تائێستا ئه‌و موچه‌یه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ به‌ته‌واوی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ نه‌مێنێ."

بابه‌تی‌ تر هه‌یه‌

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستكردنی بڕی (250)هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ به‌غداد وتی"هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی پرنسیبه‌وه‌ هیچ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ ڕاده‌ستی به‌غداد بكات، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تر هه‌یه‌ كه‌پێویسته‌ له‌و پڕۆسه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت".

دانیشتنه‌ چاره‌نووسسازه‌كه‌ ناكرێت

دزه‌یی به‌پێویستی‌ ده‌زانێت دانیشتنێكی‌ تایبه‌ت به‌پرسی‌ نه‌وت و چاره‌نووسی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمیشدا گرێبه‌ستیان كردوه‌ ئه‌نجامبدرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت:بابه‌تی ڕاده‌ستكردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌بودجه‌وه‌ نه‌ك موچه‌، چونكه‌ بڕگه‌یه‌ك له‌ یاسای بودجه‌دا هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق پابه‌ند ده‌كات به‌پێدانی موچه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه‌ و بكرێت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی دیاریكراوه‌ به‌پێی بودجه‌ی عیراق كه‌ هه‌رێم ڕاده‌ستی به‌غدادی بكات ڕۆژانه‌، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و دانیشتنه‌ تایبه‌تیه‌ی كه‌پێویسته‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تائێستا نه‌كراوه‌.

ساڵێكه‌ هه‌رێم په‌یامی‌ به‌ به‌غدا گه‌یاندوه‌

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی تائێستا ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی نه‌وت، رایده‌گه‌یه‌نێت"ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌نوسراو، به‌فه‌رمی، به‌ لێدوان و قسه‌ش ئاماده‌یی خۆی پیشان داوه‌ و چه‌ندینجاریش به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كاتی ئه‌و دانیشتنه‌ دیاریكراوه‌، به‌ڵام دواتر دواخرا، وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ین هه‌ركات ئه‌و دانیشتنه‌ بكرێت".

موچه‌ پێش جه‌ژن دابه‌ش بكرێت

له‌سه‌ر لێدوانی‌ فوئاد حسێن وه‌زیری‌ دارایی‌ حكومه‌تی عیراق كه‌ رایگه‌یاند موچه‌ی چوار مانگی ئه‌م ساڵی هه‌رێمی كوردستانی ناردووه‌، دزه‌یی ده‌ڵێت: ئه‌كید چوار مانگ نییه‌ سێ مانگه‌، ده‌بێت حسابی ئه‌وه‌ش بكرێ كه‌ له‌مانگی 3ه‌وه‌ موچه‌ هاتووه‌، له‌سه‌ره‌تای مانگی شه‌ش موچه‌ی مانگی 3 ده‌درێت له‌به‌رئه‌وه‌ی تائێستا 68 ملیار دیناره‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌و 525 ملیار دیناره‌ موچه‌ ده‌داته‌، بۆیه‌ هه‌رێم خۆی ده‌بێت نزیكه‌ی 440 ملیار دینار بخاته‌سه‌ر پاره‌كه‌ی‌ به‌غدا تا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش بكات، هیوادارین له‌سه‌ره‌تای مانگی شه‌ش حكومه‌تی عیراق ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت تابتوانرێت له‌ پێش جه‌ژن موچه‌ دابه‌ش بكرێت.


SNN:

بەشی ھەواڵ

 3 هەفتە پێشتر - May 20 2019 9:25AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.