هەواڵ
خشته‌یه‌كی نوێی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڵاوده‌كرێته‌وه‌
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، له‌ 16ی ئه‌م مانگه‌وه‌ خشته‌یه‌كی نوێی دابه‌شكردنی موچه‌ی بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌رپرسێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ده‌خاته‌ڕوو. به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریه‌وه‌ به‌ SNN دراون، له‌ئێستادا ده‌ست به‌ئاماده‌كاری كراوه‌ تا به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌رده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت و بڕیاریشه‌ له‌دوای 16ی ئه‌م مانگه‌وه‌، خشته‌یه‌كی نوێی موچه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌و واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی داموده‌زگاكان ئاشكرابكرێت.

د. نوری عوسمان سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، به‌ SNNی ڕاگه‌یاند: دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی حكومه‌ت ده‌ستی ده‌كه‌وێت، به‌رده‌وامی ده‌بێت و بۆ ئه‌م مانگه‌ش موچه‌ دابه‌شده‌كرێت. ئاشكراشیكرد: له‌م مانگه‌دا موچه‌ی مانگی (10)ی ساڵی ڕابردوو دابه‌شده‌كرێت و موچه‌ی سێ مانگی كۆتایی 2017 ناكرێته‌ پاشه‌كه‌وت.
پێشتریش حه‌سه‌ن ڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌نجینه‌ی یه‌ك-ی سلێمانی، به‌ SNNی ڕاگه‌یاندبوو كه‌ تا ئێستا هیچ ڕێنماییه‌كیان له‌باره‌ی پاشه‌كه‌وتكردنی موچه‌ی مانگه‌كانی  (10، 11، 12)ی ساڵی 2017 پێنه‌گه‌یشتووه‌.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌و به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ SNN دراون، موچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردوو، كراونه‌ته‌ چه‌ك له‌گه‌نجینه‌كان، به‌ڵام ئه‌و چه‌كانه‌ خه‌رج ناكرێت، هه‌ركاتێكیش وه‌زاره‌تی دارایی بڕیاریدا بكرێنه‌ پاشه‌كه‌وت، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه‌ی موچه‌ی چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2015، ده‌كرێنه‌ پاشه‌كه‌وت، ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی یه‌كی ساڵی نوێ ده‌كرێت.



SNN:

ڕه‌نج تاڵیب

 6 ڕۆژ پێشتر - Jan 12 2018 7:35PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.