هەواڵ
شه‌ڕو پێكدادانی‌ سه‌خت ده‌ستی‌ پێكرد..یه‌كێتیی زانیاری‌ ئاشكراده‌كات
دوای‌ له‌شكركێشی‌ زیاترو به‌زاندنی‌ سنوری‌ خاكی‌ باشوری‌ كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ به‌توندی‌ ڕوبه‌ڕوی‌ سوپای‌ توركیا بونه‌ته‌وه‌و له‌ئێستاشدا پێكدادانی‌ قورس به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش له‌باره‌ی‌ ئه‌و پێكدادانه‌وه‌ زانیاری‌ زیاتر ئاشكراده‌كات و ده‌شڵێت:"شه‌ڕه‌كه‌ زۆر قورستریش ده‌بێت".

لوقمان وه‌ردی به‌رپرسی كۆمیته‌ی چۆمانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "له‌ناوچه‌ی‌ ئاڤا شین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنوری‌ باشورو باكوری‌ كوردستان شه‌ڕو پێكدادانی‌ قورس له‌نێوان هێزه‌كانی‌ توركیاو په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، هێزه‌كانی‌ توركیا له‌و سنوره‌ له‌شكركێشیان كردوه‌و سنوریان به‌زاندوه‌، به‌ڵام گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ به‌رپه‌رچیان داونه‌ته‌وه‌و ڕێگریان لێكردون".

وتیشی‌:"ئه‌و گوندانه‌ ده‌كه‌ونه‌سه‌ر سنورو له‌كاتی‌ دروستبونیانه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ی‌ لێیه‌، هیچ كاتێك ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێم و سوپای‌ عیراقی‌ له‌و سنوره‌ نه‌بوه‌و هیچ هێزێكیشیان له‌وێ بونی‌ نییه‌، توركیاش هه‌ركاتێك بۆی‌ بكرێت كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ خۆی‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست ناپارێزێت بۆ په‌لاماردانی‌ ناوچه‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان و پێشتریش درێغی‌ نه‌كردوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، توركیا له‌ناو خاكی‌ باشوری‌ كوردستان بونی‌ هه‌یه‌و ئێستاش كێشه‌ی‌ ناوخۆیی‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ ناوخۆیه‌كانی‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌، سنوری‌ باشوری‌ به‌زاندوه‌و ئه‌گه‌ری‌ شه‌ڕو پێكدادانێكی‌ سه‌ختیش هه‌یه‌.

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌وه‌شی‌ باسكرد، "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سوپای‌ توركیا سنوری‌ خاكی‌ باشوری‌ به‌زاندوه‌، گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ لێیان هاتونه‌ته‌ ده‌ست و ئێستاش شه‌ڕو پێكدادانی‌ سه‌خت هه‌یه‌و ئه‌گه‌ری زیاتر توندبونه‌وه‌ی‌ پێكدادانه‌كانیش هه‌یه‌".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 3 هەفتە پێشتر - Dec 23 2017 1:04PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.