هەواڵ
زێباری‌ پلانێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌باره‌ی‌ گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات
به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان زانیاریه‌كی‌ گرنگ له‌باره‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكراده‌كات سه‌باره‌ت به‌ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌گه‌شته‌ ئاسمانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێم و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانیش جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "تائه‌وكاته‌ی‌ كوردستان سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، ناتوانین ئاسمانی سه‌ربه‌خۆشمان هه‌بێت".

هۆشیار زێباری‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ وتوه‌:"دوای‌ داخستنی‌ فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ڕوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌، هه‌رێمیش له‌هه‌وڵدایه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ كۆدێك وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ستیان پێبكرێته‌وه‌".

ئاشكراشیكرد، حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌رقاڵه‌و چه‌ند ڕۆژێكیش پێش ئێستا له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كونسوڵخانه‌كان كۆبۆوه‌و سكاڵاش له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق تۆماركراوه‌، "له‌پڕۆژه‌كه‌ماندا كۆمپانیا فڕۆكه‌وانیه‌ بیانیه‌كانیش به‌شدارن و ڕێكخراوی‌ ئیكاو-ی‌ نێوده‌وڵه‌تیش كه‌ ته‌نها وڵاتان تێیدا ئه‌ندامن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش هه‌وڵه‌كان ئیجابین".

له‌به‌رامبه‌ریشدا تاهیر عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌لێدوانێكدا بۆ SNN جه‌ختیكرده‌وه‌، "به‌گوێره‌ی‌ یاسا هه‌رێمی‌ كوردستان ناتوانێت و ده‌سه‌ڵاتی‌ فڕۆكه‌وانی‌ هه‌بێت له‌م بارودۆخه‌دا، چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌عیراق".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، هه‌ركاتێك هه‌رێم سه‌ربه‌خۆ بوو یان بوو به‌ده‌وڵه‌ت وئاڵای‌ له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان هه‌بوو، ئه‌وكات ده‌توانێت گه‌شتی‌ ئاسمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ته‌ به‌خۆی‌ هه‌بێت، "به‌م حاڵه‌ی‌ ئێستا هیچ شتێك ناتوانرێت بكرێت".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 هەفتە پێشتر - Oct 12 2017 11:49AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.