هەواڵ
به‌هۆی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان هه‌رێم جێده‌هێڵن
به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ ناوچه‌كانی‌ خواروو ناوه‌ڕاستی‌ عیراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو هه‌رێمی‌ كوردستان جێده‌هێڵن و ڕوو له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ عه‌ربه‌تیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیاییان پێدراوه‌ له‌پاراستنیان، به‌ڵام له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ی‌ به‌رچاو گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌به‌كان زیادیكردوه‌"، به‌ڵام به‌رپرسی نوسینگه‌ی سلێمانی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقیش جه‌ختده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م ئاواره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان.

ڕێبین عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ عه‌ربه‌ت له‌لێدوانێكدا به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، "به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ ڕیفراندۆم و ئه‌و كێشانه‌ی‌ ئێستا هه‌ن، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان به‌شێوه‌یه‌ی‌ به‌رچاو زیادیكردوه‌".

وتیشی‌:"پێشتر ئاواره‌كان داوایانكرد هه‌ر كێشه‌یه‌ك دروستبێت به‌هۆی‌ ئه‌نجامی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ ئه‌وان پارێزراوبن چونكه‌ ئاواره‌ن، ئێمه‌ش دڵنیایی‌ ته‌واومان پێدان، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ئاواره‌كان  گه‌ڕانه‌وه‌و به‌راورد به‌پێشوتریش ڕێژه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌كه‌یان زیادیكردوه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه‌".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ چیا حسێن به‌رپرسی نوسینگه‌ی سلێمانی كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عیراق به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "سه‌رباری‌ ئاماده‌كاریه‌كان، له‌م كۆتاییه‌شدا چاوه‌ڕێی ئازادكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ بوین، به‌ڵام له‌و ناوچه‌یه‌وه‌ ئاواره‌ی دیكه‌ ڕویانكرده‌ شاره‌كانی هه‌رێم".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێستاش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین بڕیاربدرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌و ئاوارانه‌ ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كانی خۆیان بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كێشانه‌ ماون كه‌ هۆكارن بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان".

ئاشكراشیكرد، كێشه‌ی ئه‌منی هۆكاری‌ سه‌ره‌كیه‌، چونكه‌ "كێشه‌ی نێوان سوننه‌و شیعه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌كێشه‌ی خزمه‌تگوزاری".

ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ ڕۆژانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بونی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌كو چیا وتی‌:"به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان نییه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌ما، حكومه‌تی عیراق له‌ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ بڵاویده‌كاته‌وه‌و داوا له‌ئاواره‌كان ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه‌و ئه‌وكاته‌ش ئاواره‌كان خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌".

له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ 56 هه‌زار خێزانی‌ ئاواره‌ بونیان هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2017شه‌وه‌ تائێستا دوو هه‌زار خێزان مامه‌ڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كراوه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.


SNN:

هه‌رێم ـ سۆران

  2 مانگ پێشتر - Oct 12 2017 9:16AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.