هەواڵ
گۆڕان پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دەکات .. فریای خۆتان بکەون
پێشبینی دەكرێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كاندیدەكەی پارتی بۆ ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رەتبكاتەوەو لەبری ئەویش، كاندیدێكی گۆڕان پەسەند بكرێت، پەرلەمانتارێكی ئەو بزوتنەوەیەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر پارتی فریای خۆی نەكەوێت، هیچ ئەندامێكی لەو كۆمسیۆنە نابێت.

بڕیارە ئەو كەسانەی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كاندید كراون، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە متمانەیان پێبدرێت، یەكێك لەو كاندیدانە، ئەندامی پارتییە، كە پێشبینی دەكرێت لەلایەن پەرلەمانتارە شیعەكانەوە متمانەی پێنەدرێت و لەبری ئەویش حاكم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان، كە لە ریزبەندی یەكەمی كاندیدە یەدەگەكانە، بكرێتە ئەندامی كۆمسیۆن.

شیرین رەزا ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە SNNی راگەیاند: بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە نەچینە جێگەی هیچ كوردێك، بەڵام ئەگەر هاتوو كاندیدەكەی پارتی رەتكرایەوە، ئەوكاتە كاندیدێكی عەرەب شوێنەكەی پڕدەكاتەوەو كاندیدەكەی ئێمەش دەچێتە شوێنی عەرەبەكان.

وتیشی: "كاندیدێكی ئێزدی تێدایە، كە ئەویش لەسەر پارتی ئەژمار دەكرێت، بۆیە پارتی دوو كاندیدی هەیە، یەكێتی یەك كاندید، كاندیدەكانی گۆڕانیش (حاكم شێخ لەتیف و سەعید كاكەیی) لەلیستی یەدەگدان، كە وەك سەربەخۆ بەشدارییان كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لەلیستی یەدەگەكاندان، حاكم شێخ لەتیف یەكەم ناوە"، بەمپێیەش هەر كاندیدێك رەتبكرێتەوە، ئەو دەچێتە شوێنەكەی.

ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان، پەیامێكی ئاڕاستەی پارتی كردو دەڵێت: "پارتی دەبێت فریای خۆی بكەوێت، رەنگە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا كاندیدەكەیان رەتبكرێتەوە، هەرچەندە هەڕەشەی ئەوەیان كردووە، كە دەبێت كاندیدەكەیان لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوان لەلایەك باسی دەوڵەت و لەلایەكیش شەڕ لەسەر كاندیدێكی كۆمسیۆن دەكەن".


SNN:

شاهۆ خوارەحم

  2 مانگ پێشتر - Oct 11 2017 8:14PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.